هەولێر 8 كانووني دووەم/يەنايەر (ئاكانيوز) ـ
مەلا فەرمان عەزيز خەرابەيي پێشنوێژ و وتاخوێني مزگەوتي ماجيداوە لە هەولێر /349 كم باكوري رۆهەڵاتي بەغدا/ ماوەيەك بەر لە ئێستە كتێبێكي بەنێوي "راستييەكي ونبوو" نووسي، لە وێدا ناوي چەند كەسێكي هەڵسوڕاو و چالاكواني بواري ئافرەتان، چەند رێكخراو و سەنتەرێكي هێنا و قسەي ئەواني گواستەوە، ئەوەش، پشێوي و ناڕەحەتييەكي لەو نێوەندەدا، دروست كرد، تا لە ڕۆژي 5ي ئەم مانگە خۆپێشاندانێك بەدژي نوسەري كتێبەكەرێكخراو و خۆپێساندەران ياداشتێكيان ئاراستەي سەرۆكايەتيي پەرلەمان كرد.
بۆگفتوگۆكردن و تاوتوێكردني كێشەو و كاردانەوەكان، نێردراواني (ئاكانيوز) ئەم ديمانەيان لەگەڵ خەرابەيي ساز كرد.
پرسيار: ئامانج لە داناني كتێبي "راستييەكي ونبوو" چييە؟
وەڵام: ئامانج لەو كتێبە وەك مامۆستايەكي ئايني كە تێكەڵي خەڵك دەبين و زۆر كێشە دێتە لامان وەك تەڵاقدان و خۆسووتاندن زۆري تر روو لە مامۆستاياني ئايني دەكات، بۆيە لە هۆكارەكاني هەندێك لەو كێشانەم پرسيار كردوون تا ئەو كێشانە نەمێنن، پێشتر ئەو كێشانەمان نەبووە، تەڵاق بەو رێژەيەي ئێستە نەبووە و خەڵكي ئيرەيي بەكۆمەڵگەي كوردي بردووە، بۆيە هەوڵم داوە و ئامانجم لەو كتێبە هۆكارەكاني ئەو
دياردانە دياري بكەين و دواتر بەهەموو لايەك چارەسەري بۆ بدۆزينەوە.
پرسيار: لەو كتێبەدا رێكخراو و داكۆكيكار و سەنتەرەكاني ئافرەتان تۆمەتبار دەكەي كە ئەوان لە پشتي ئەو هەموو كێشانەن؟
وەڵام: هەموو هۆكارەكان نا، بۆ نموونە خۆسووتاندن وەك ئەوەي يەكێك دەڵێ تۆ شت لە برات و باوكت قبووڵ مەكە و گفتوگۆ قبووڵ مەكە، يا
گەر خۆت سووتاند واتە تۆ شێرەژني ئەوەش هاندانە.
پرسيار: كێ بەكێ دەڵێ خۆت بسووتێنە؟ بەپێچەوانەوە ئەوان رێگري لەو كارە دەكەن؟
وەڵام: من نامەوێ ناو بێنم كاتێك تۆ دەڵێي شت لە لايەني نێر قبووڵ مەكە، خۆسووتاندن بەشتێكي ئەرێنێ دەزانرێ، ئەمەش جوانكردني خۆسووتاندنە لەبەرچاوي ئافرەتان، دەبێ هاني ئافرەتان بدرێ بەهێمني گفتوگۆ بكەن و هەردوولا يەكتري قبووڵ بكەن و بڵێي بەخۆسووتاندن دنيا و قيامەتت دەچێ، بەڵام تۆ پێي بڵێي قبووڵ مەكە و قبووڵنەكردن، هۆشيارييە، ماناي چييە؟
پرسيار: كەس نەي گووتووە بڕۆ خۆت بسووتێنە؟
وەڵام:نەك بڵێ خۆت بسووتێنە؟ بەڵام هەندێك شت هەيە راشكاونە ناگوترێ، كە دەڵێي تۆ تەنازوول مەكە، كەواتە ناشيرينكردني خۆسووتاندن نييە لاي خەڵك.
پرسيار: كتێبەكەت لەسەري نووسراوە توێژينەوەي كۆمەڵايەتي، بەڵام تۆ لە زۆر شوێن راي خۆت نووسيوە؟ كە ئەمە لە رووي زانستييەوە نابێ توێژينەوە راي كەسەكەي تێدا بێ؟ قسەكاني ئەوانت هێناوەتەوە، بەڵام كۆمێنتت لێ داون.
وەڵام: من لە هيچ شوێن قسە و كۆمێنتم لە قسەي كەس نەداوە، بەڵام من تەنيا لە پێشەكي گوتوومە هۆكارەكاني بەرزبوونەوەي رێژەي تەڵاق لەبەر ئەو هۆكارانەوە بووە كە فڵان واي گوتووە بۆيە زيادي كردووە.
پرسيار: تۆ گومانت لە مەرامي ئەو سەنتەر و رێكخراو و چالاكوانانەي بواري مافي ئافرەت هەيە؟
وەڵام: من لە كتێبەكەدا گوتوومە رەنگە ئەوە هۆكار بووە بۆ فڵانە شت، فڵان كەس وا دەڵێ، كاتێك ئەوەي دەڵێ من بەرگريي لە ژنان دەكەم دەبێ بەكردەوە ئەو كارە بكات، نەك من بەگومان ناڵێم ئەوانە هۆكار بن، بگرە من سەلماندوومە، بۆ نموونە ئافرەتێك چووەتە شوێني داڵدەدان، بەڵام وەريان نەگرتووە و دواتر ئەو ئافرەتە بووەتە لەشفرۆش و تووشي كێشە و چەرمەسەري بووە، من پشتم بەسەرچاوە بەستووە و سەرچاوەكانيش ديارن و روونن.
پرسيار: ئايا ئافرەت لە كۆمەڵگەي ئێمەدا مافي پێشێل نەكراوە و زوڵمي لەسەر نييە؟
وەڵام: كۆمەڵگەي ئێمە زۆر چيني هەيە، چيني رۆشنبير و نەخوێندەواري هەيە، هەندێكيان هەيە هەر رێزي مرۆڤ و منداڵيش ناگرن، بەڵام بەشێوەيەكي گشتيي لە كۆمەڵگەي كورديدا رێزگرتن هەبووە بۆ نموونە بەهايەكي تەواو بۆ ئافرەت دانراوە نەك ئافرەتي گەنج، بەپێچەوانەوە
ئەوەندە بەتەمنتر بێ زياتر رێزي لێ دەگيرێ.
پرسيار: كەواتە بەڕاي تۆ هيچ بێ رێزييەك بەرامبەر ئافرەتي كورد ناكرێ؟
وەڵام: من گوتم بێ رێزي دەكرێ، بەڵام ئەوانەي دەيكەن هەر نازانن رێزي كەس بگرن نەك تەنيا ئافرەت، بەگشتيي كۆمەڵگەي كوردي رێزي لە ئافرەت ناوە و ئافرەتي كورد رێزي زۆري لە پياو گرتووە، كۆمەڵگەي كوردي رێز لە ئافرەت دەگرێ، كۆمەڵگەي كوردي بەهاي زۆر جواني تێدايە كە سەرچاوەكەيان ئايني ئيسلامە.
پرسيار: ئەو بەهايانە كە هەيە پێش ئيسلاميش هەبوون لە كۆمەڵگەي كورديدا؟
وەڵام: كۆمەڵگەي كوردي رێزي نەك لە ئافرەت بگرە لە پياو گرتووە بەهاي وابووە گەنجێك يەكێكي لە خۆي گەورەتر بينيبايە دەستي ماچ دەكرد، جاري وا هەيە ئيسلام داب (عورف)ي كردووەتە سەرچاوەي تەشريع، من ناڵێم ئەو بەها جوانانە هەمووي هي ئيسلامە، توێژينەوەكەي من لەسەر ئەوەيە كە ئەو بەها جوانانە بگەڕێنەوە و ئەوەي نامۆيە بەكۆمەڵگەي ئێمە با نەمێنێ و ئەوەي كەسێك هێناويەتي با پەشيمان بێتەوە.
پرسيار: ئەو رێكخراو و چالاكوانانەي ئافرەتان ئەركيان هۆشياركردنەوە نەبێ، ئەدي كاريان چييە؟
وەڵام: ئێمە داوايان لێ دەكەين با كاري خۆيان بكەن، بەڵام ئامانجەكەي بگەيەنن، بۆ نموونە كە باسي مافي ئافرەت دەكەن راستيي پرسەكە بگەيەنن، بۆ نموونە كە باسي خۆسووتاندني ئافرەت دەكەن دەبێ بەدواي هۆكاردا بگەڕێن نەك لێدوان بدەن بڵێن خۆسووتاندن هێماي رۆشنبيرييە، با چارەسەرەكەي بۆ بدۆزنەوە بۆ نموونە دەچمە لاي توێژەري كۆمەڵايەتي، مامۆستاي ئايني، دوكتۆر، پسپۆران تا چارەسەرييەكەي بدۆزينەوە.
پرسيار: گلەيي ئەوە لە مامۆستاياني ئايني دەكرێ كە توندڕۆن و بەتوندي شتەكان دەخەنە روو؟
وەڵام: يەكەم مامۆستاياني ئايني توندڕۆ نين، نازانين لە چ بوارێكدا؟ ئێمە گفتوگۆ دەكەين؟ بەڵام كەس نەهاتووە گفتوگۆمان لەگەڵدا بكات، بواري گفتوگۆ بۆ ئێمە نەڕەخساوە، ئەوانەي كە داواي گفتوگۆ دەكەن با بێن دەرگامان كراوەيە، هەر لە رێگەي تەلەڤزيۆن، رۆژنامە و راديۆ، بەڵام ئەگەر ئێمە داواي گفتوگۆ بكەين ئەوان قبووڵي ناكەن.
پرسيار: تۆ قسەي خۆت بكە و پەنا بۆ مينبەر مەبە؟
وەڵام: من كتێبێكم نووسيوە ئەوەتا قبووڵي ناكەن.
پرسيار: ئايا وا باشترە پەنا ببەنە بەر مينبەري مزگەوت؟
وەڵام: مينبەري مزگەوت شوێني ئەوەيە بەها جوانەكان پێشاني خەڵك بدرێ، خۆ ئەگەر شتێكي واش باس بكرێ تاوان نييە؟ لە كام مينبەرەوە گوتراوە پێشێلي مافي ئافرەت بكەن يا بڕۆن ئافرەت بكوژن؟ لە كام مينبەرەوە گوتراوە فڵانە كەس واي كردووە و بڕۆن واي لێ بكەن.
پرسيار: سەدان نموونەمان هەيە كەناو دێنن لەسەر مينبەر لە كاتێكدا لەو مزگەوتەكاندا هەزاران كەس دانيشتوون، بۆچي ئێوە باسي دەكەن كە فڵان شت پێچەوانەي شەريعەتە؟ بۆ لە مينبەري مزگەوتەوە باسي رۆشنبير و گۆرانيبێژ و وتاري نووسەر دەكەن بەناو؟
وەڵام: مينبەري مزگەوت ئەركي خۆي هەيە، مامۆستا ناتوانێ خيانەتي تێدا بكات، ئەركي مامۆستايە پارێزگاري ئاين و نيشتمان بكات و دەبێ ئاينەكەي رابگەيەنێ.
پرسيار: ئەركي مامۆستا پاراستني ئاينە يا گەياندني پەيامي ئاين و بانگهێشتني خەڵكە؟
وەڵام: ئەركي مامۆستا پاراستني ئاينەكەيەتي لە رێگەي بانگهێشتنەوە.
پرسيار: ئەگەر گۆرانييەك شەو لە تيڤي ببيني كە كراسي كچە كورت بوو ، ئايا راستە تۆ بێي لە سەر مينەبەر باسي بكەي؟
وەڵام: نەخێر، دەبێ لە ژێر چەتري رێزگرتني لە ياسا مامەڵە بكەين، بۆ نموونە ياسا سزاي داناوە بۆ كەسێك كە رەوشتي خەڵك بشێوێنێ، بۆيە ئەگەر يەكێك بەهاي كۆمەڵگەي شێواند دەبێ بەياسا رێي لێ بگيرێ، هەموو چينەكان دەبێ وەڵاميان هەبێ، رۆشنبير و مامۆستا و مامۆستاي ئايني.
پرسيار: مينبەر بۆ چييە؟ بۆ بانگهێشتني پەيامي ئيسلامە يا ناوهێناني خەڵكە؟ بۆ چاككردني خەڵكە يان بۆ ناوهێناني رۆشنبير و سياسەتوان؟ ئێوە دەتوانن وەك رۆشنبيران ئينتەرنێت و رۆژنامە و ڕاديۆ و تەلەڤزيۆن بەكار بێنن بۆچي لە مينبەري مزگەوتەوە دێن باسي رۆشنبيران دەكەن؟
وەڵام: باشە نموونەي كتێبەكەي خۆم دێنمەوە، ئەو هەموو رۆژنامەنووسە هەيە تا ئێستە كەسێك نەهاتووە راستي شتەكەي من بگەيەنێ، كەس نەهاتووە قسەكاني من بگەيەنێ؟ تا خەڵك بزانێ لەكوێ من تەشهيرم كردووە و هێرشم كردووە.
پرسيار: كەواتە ئێوە بەناچاري پەنا دەبەنە بەر مينبەر؟
وەڵام: من لەگەڵ ناوهێناندا نيم لەمينبەرەكان، دەكرێ باسي شتێكي خراپ بكرێ، بەڵام ناوي نەهێنرێ؟ ئەگەر شتێكي خراپ هەبوو دەبێ باس بكرێ، ئەمە ئەركێكي نيشتمانيي و ئاينييە.
پرسيار: ئێوە ناو دێنن و دەڵێن فڵان كەس كافر بووە و لە ئاين دەرچووە لەبەردەم خەڵكدا كە شارەزاييەكي ئەو تۆيان لە ئايندا نييە؟
وەڵام: من تەكفيركردني خەڵكم پێ هەڵەيە ، پاشان ناوهێناني خەڵك بەشتێكي باش نازانم، نەمبيستووە ناوي خەڵك هێنرابێ بگرە گوتراوە ئەو شتە هەيە و باش نييە.
پرسيار: بۆ مامۆستاياني ئاينيي لەبري مينبەر، كتێبێك يا بەنووسيني وتارێك وەڵام نادەنەوە؟
وەڵام: لەوانەيە مامۆستا دەستي نووسيني نەبێ يا رێگەي نووسيني بۆ خۆش نەكرابێ، ئەركي مامۆستا ئەوەيە كە بڵێ ئەو كتێبە خراپە يا باشە، فڵان شت باشە يا خراپە، هەر شتێك پێچەوانەي يا بەئاشكرا دژي ئيسلامە، ياسا رێگەي لێ دەگرێ و ئاينيش قبووڵي ناكات، كەسێك پەنا بۆ پێشێلكردني ياسا ببات، كاتێكيش ئاين پێشێل دەكرێ، دەبێ پەنا بۆ دادگە ببات، كەسێكيش بيەوێ رێنوێني خەڵك بكات، دەبێ لە مينبەرەكاني مزگەوەتەوە بێ، من لەگەڵ تۆمەتباركردن و تەكفيركردنيش نيم، بەڵام مامۆستايەكي ئايني ئەركي خۆيەتي بڵێ ئەو شيعرە يا ئەو رستەيە خراپە.
پرسيار: تۆ لەگەڵ ئەوەي لە مينبەري مزگەوەتەوە باسي بەرهەمي شيعري و رۆشنبيري بكرێ؟
وەڵام: ناوي شاعيرەكە نەهێنرێ، بەڵام مامۆستاي ئايني بڵێ ئەو شيعرە شتێكي دژ بەئايني تێدايە، من لەگەڵ ئەوەدام كە كێشەي نێوان رۆشنبيران و مامۆستاياني ئايني بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێ.
پرسيار: ئايا راستە كتێبەكەت كێشاوەتەوە؟
وەڵام: نەخێر كتێبەكەم سەحب نەكردووەتەوە.
پرسيار: ئايا ئامادەي لە رێگەي مێزگرد و رووبەڕوو گفتوگۆيان لەگەڵدا بكەي؟
وەڵام: ئامادەم بەشێواز و كاتي خۆي گفتوگۆ بكەم و تا ئێستەش دەڵێم من شتي خراپم لەو كتێبەدا باس نەكردووە، هەمووي شتي باشن و هێرشم نەكردووەتە سەر كەس و پێشم باش بووە و داكۆكي لێ دەكەم.
پرسيار: هەستي تۆ چييە ئەو هەموو خۆپێشاندانە بەرامبەرت دەكرێ؟
وەڵام: هەست دەكەم ئەوان كەسێك تاوانبار دەكەن كە تاواني نەكردووە، ئەوان دەڵێن مامۆستا هێرشي كردووە من هێرشم نەكردووە، من پێمخوشە راستييەكان نەشێوێنرێ، لە يەكێك لە لافيتەكان نووسراوە "راستييەكي ونبو و درۆيەكي هەڵبەستراو" من درۆم لە كوێ هێناوە، خۆ من قسەي خۆم نەكردووە.
پرسيار: سەيري ئەو ناڕەزايي و خۆپێشاندانە دەكەي؟
وەڵام: لەبەرئەوەي مامۆستا كەسێكي كۆمەڵايەتييە، بۆيە لە هەموو پارچەكاني كوردستان دەستخۆشيم بۆ هاتووە و پشتگيريم بۆ هاتووە، يا شتێكم لەسەر دەنووسرێ خەڵكي هەواڵم پێ دەگەيەنێ، كە خەڵكي دەبينن چەند ئافرەتێك دەچنە بەردەم پەرلەمان ناڕەزايي دەردەبڕن، خەڵكيش وەڵاميان دەبێ.
پرسيار: ئەگەر خۆپێشاندانەكە زيادي كرد؟ ئايا تۆش داوا لە خەڵك دەكەي برژێنە سەرشەقام و خۆپێشاندان بكەن؟
وەڵام: من جارێ داوا ناكەم، بەڵام لەوانەيە خەڵكي قبووڵي نەكەن مامۆستا سووكايەتي پێ بكرێ، رەنگە لايەنەكاني پێوەنديدار بەمامۆستا وەك يەكەتيي زانايان، قبووڵ نەكەن.
پرسيار: چما خۆپێشاندان بەسووكايەتي دەزاني؟
وەڵام: ئەوان من تۆمەتبار دەكەن كە گوايە من درۆم كردووە و حوكمم داوە، خۆپێشاندان بەشێكە لە ئازادي و ديموكراسي.. شتێكي ئاساييە، ئەوان لە خۆپێشاندانەكە من تۆمەتبار دەكەن بەدرۆ، من هيچ حوكمێكم نەداوە، بابێن بيسەلمێنن.
پرسيار: ئايا تا ئێستە هەڕەشەت لێ كراوە؟
وەڵام: هەڕەشەم لێ نەكراوە، بەڵام ئەو شتانە بەمەترسي بۆ سەرخۆم دەزانم.
پرسيار: لە دادگە سكاڵات لەسەر تۆماركراوە؟
وەڵام: بەڵێ بەپێي مادەي 240 سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە و ئێستە بەكەفالەت ئازاد كراوم.
پرسيار: كێن ئەوانەي سكاڵايان لەسەر تۆمار كردووي؟
وەڵام: ئەوانەي كە بەناوي ئافرەتان و داكۆكيكاري ئافرەت كار دەكەن.
ديمانە: عەبدوڕەزاق عەلي، محەمەد عەبدوڕەحمان
إرسال تعليق