سبتمبر 2020


رێگەكانی رێگریی لە منداڵبوون زۆر و زەوەندن، بۆیە هەڵبژاردنی یەكێك لەنێوان ئەو هەموو جۆرەدا رەنگە ئاسان نەبێت. سەرەتا دەبێ بزانی تەنیا سێكس نەكردن 100% سەركەوتووە لە منداڵ درووستنەكردن و ئەوانی دیكە هەریەكەیان تا راددەیەك ناكاراییان هەیە. بۆیە وا باشە بەرلەوەی بڕیارەكەت بدەیت، چەند پرسیارێك لە خۆت بكەی كە ئایا هەریەك لەو رێگایانە:
*تا چەند كاران لە رێگریی لە منداڵبوون
*تێچووی ماددی رێگاكە
*تا چەند لەگەڵ رێگری لە منداڵبووندا رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەكان لە سێكسەوە دەگرێ

1-رێگەی سرووشتی:
ئەم رێگەیە پشت بە هیچ دەرمان و دەزگایەك نابەستێ. بەڵكو تەنیا هەندێك هۆشیاری دەوێ. ماوەیەك لە هەموو مانگێكدا هەیە كە پێی دەگوترێ پەنجەرەی بەپیتی، لەو ماوەیەدا زۆرترین ئەگەری منداڵ درووستبوون هەیە. ئەگەر خانمەكە وریابێت، هەستدەكات لەو چەند رۆژەدا پلەی گەرمیی لەشی هەندێك بەرزترە و گۆڕانكاریش لە تەڕایی دامێنیدا روودەدات. باشترە لەلایەن كەسێكی شارەزای پزیشكییەوە فێری ئەم رێگایە ببیت.

2-تۆوكوژ:
بەشێوەی جیڵ و كرێم و توێژاڵی تەنك هەن. ماوەیەكی كورت بەر لە سێكسكردن لە ناوەوەی زێ دەدرێن. ئەو ماددەیە ژەهرینە بۆ تۆوەكان و هەر لە جێدا دەیانكوژێ و ناهێڵێ بگەنە هێلكە و بیپیتێنن. ئەگەر زۆر بەكاربهێنرێن رەنگە ببنەهۆی رووشان و برینداربوونی زێ و هەوكردنی و تەنانەت گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەش كە لە رێگەی سێكسەوە بڵاودەبنەوە.

3-كۆندۆمی پیاوان:
كۆندۆم رێگە لە رۆیشتنی تۆو بۆ نێو جەستەی ئافرەت دەگرێ، هەمانكات رێگرە لە گوستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە بڵاودەبنەوە. بەڵام ئەگەر كۆندۆم تاكە رێگەی بەكارهاتوو بێت، ئەوە چانسی منداڵنەبوون 85% ە و دەوروبەری 15%ی ئەوانەی كۆندۆم بەكاردێنن منداڵیان دەبێت.

4-كۆندۆمی ژنان:
8 كاژێر بەر لە سێكس لەنێو زێ دادەنرێت. ئەمەیان كاریگەریی لە كۆندۆمی پیاوان كەمترە و كەمتریش كارایە لە رێگری لە گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە بڵاو دەبنەوە.

5-پەردە:
ئەمەیان لەلایەن پزیشكەوە دەخرێتە سەر ملی منداڵدان و بەوەش رێگەدەگرێت لە رۆیشتنی تۆو لە زێ بەرەو منداڵدان. ئەم رێگەیەش هێندەی كۆندۆمی پیاوان كاریگەرە. ئەگەر خانمەكە سووڕی مانگانەی نەبێت، ئەوە دەكرێ تاكو 2 ساڵ لە شوێنی خۆیدا بهێڵرێتەوە.

6-كەپی ملی منداڵدان:
وەك پەردە وەهایە، بەڵام:
*كەمتر كارایە و لەوانەی پێشووتر منداڵیان بووە رێژەی شكستی دەگاتە 30%
*پێویستی بەوەیە تۆۆكوژی لەگەڵ بەكاربهێنرێ
*تەنیا 48 كاژێر دەبێ بمێنێتەوە

7-ئیسفەنجی مەنع:
ئەمەیان پێویست ناكات پزیشك دایبنێ، ماددەیەكی مۆمییە و تۆوكوژی تێكەڵە. لە كۆتایی زێ دادەنرێ و رێگری دەكات لە تێپەڕبوونی تۆو. لەو ژنانەی پێشووتر منداڵیان بووە، رێژەی شكستی ئەم رێگایە 32% یە.

8-حەبی مەنع:
بڵاوترین جۆریان ئەوەیە كە تێكەڵەیەكە لە هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆنی مێینە. ئەم حەبە رێگە دەگرێ لە دابەزینی هێلكە. لە نەبوونی هێلكەشدا تۆو هەبێت یان نا، مندداڵ درووستنابێت. تەنیا 8%ی ئەوانەی بەكاری دەهێنن منداڵیان دەبێت، كە هەندێكیان ئەوانەن كە هەندێكجار لەبیریان كردووە حەبەكە له‌كاتی خۆیدا بەكاربهێنن.
لەگەڵ بەكارهێنانی حەبی مەنعدا سووڕی مانگانەش رێكدەبێتەوە، یان هەر نامێنێ تاكو حەبەكە دەوەستێنرێ. بەڵام لە هەندێك لە خانماندا كاری نەخوازراویش دەكات، وەك ئازاری مەمك، بەرزكردنەوەی فشاری خوێن، زۆربوونی ئەگەری كڵۆبوونی خوێن و درووستبوونی پەڵەی پێست.

9-لەزگەی مەنع:
ئەو خانمانەی گرفتیان هەیە لە بیركەوتنەوەی ژەمیی رۆژانەی حەبی مەنع، دەتوانن لەزگەی مەنع بەكاربهێنن. ئەم لەزگەیە لە پێست دەدرێ و هەمان ئەو هۆرمۆنانەی لێوە وەردەگیرێ كە حەبی مەنع تێیدایە. ئەم لەزگەیە هەفتەی جارێك دەگۆڕدرێت و لە مانگێكدا سێ هەفتە (سێ جار) لە پێست دەدرێت و هەفتەی چوارەم بەبێ ئەو لەزگەیە بەڕێدەكرێ. كاریگەرییە نەخوازراوەكانی، هەمان ئەوانەی حەبی مەنعن، ئەڵبەت ئەم لەزگەیە و حەبەكەش رێگە ناگرن لە گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە بڵاودەبنەوە.

10-بازنەی نێو زێ:
ئەمەیان بازنەیەكی پلاستیكییە و لەنێو زێ دادەنرێت. هەمان ئەو هۆرمۆنانە دەردەكات كە حەب و لەزگەی مەنع دەریدەدەن. ئەمەیان مانگانە تەنیا یەكجار دەگۆڕدرێت. هەمان كارایی و كاریگەریی حەب و لەزگەی مەنعی هەیە.

11-دەرزی مەنع:
ئەمەشیان پێكهاتەیەكی هۆرمۆنیی ژنانەی هەیە. یەك دەرزی بۆماوەی 3 مانگ كاریگەریی دەمێنێت. واتە ساڵانە تەنیا پێویست بە چوار دەرزی دەكات. هەروەك لە حەب و لەزگە و بازنەی نێو زێ كاریگەرترە، بەوەی تەنیا 3%ی ئەو خانمانەی ئەم دەرزییە لەخۆدەدەن منداڵیان دەبێت.

12-چێنراوی مەنع:
بە چاندنی ماددەیەك بە قەبارەی دەنكەشقارتەیەك لە ژێر پێستی باڵ دەبێت. ئەمەش هەمان ماددە دەردەكات كە لە دەرزی مەنعدا هەیە، بەڵام ئەمەیان بۆماوەی 3 ساڵ رێگری لە منداڵبوون دەكات و ئێجگار كارایە، بەوەی تەنیا 1%ی ئەوانەی بەكاری دێنن منداڵیان دەبێت.

13- بەستن:
خانمانی كوردزمان وای پێدەڵێن، بەڵام لە راستیدا لەم پرۆسەیەدا هیچ شوێنێك نابەسترێت. ئەوەی هەیە پارچە كانزایەك (بە زۆری مس) لەشێوەی پیتی T ی ئینگلزیی لەلایەن پزیشكەوە دەخرێتە نێو منداڵدان و ئەو ماددەیە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم پیتاندنی هێلكە لەلایەن تۆو. كە دانرا دەتوانێت بۆ 10 ساڵ لە شوێنی خۆیدا بهێڵرێتەوە و رێگریی له‌ منداڵبوون دەكات. كاراییەكی ئێجگار زۆری هەیە بەوەی كەمتر لە 0.8%ی ئەو خانمانەی بەكاری دەهێنن دووگیان دەبن. بەڵام هەندێك خانم ئەم رێگەیەیان پێناكەوێ و توشی سووڕی مانگانەی ناڕێك و خوێن لێرۆیشتنی زۆر و هەندێك كاری نەخوازراوی دیكە دەبن.

14-بەستنی لوولەی منداڵدان:
لەم رێگەیەدا ئەو لوولەیە دەبەسترێت كە هێلكە دوای دابەزین لە هێلكەدانەوە پێیدا دەگاتە مندداڵدان. ئەمەیان وەك رێگرییەكی هەمیشەیی لە منداڵبوون تەماشادەكرێ و بۆ ئەو كەسانە گونجاوە كە چیتر نایانەوێ بە رێگەی ئاسایی منداڵیان ببێ.

15-قەپاتكردنی لوولەی منداڵدان:
لەمبارەدا ماددەیەك دەخرێتە نێو لوولەی منداڵدان، ماددەكە دەبێتەهۆی رووشاندنی نێو لوولەكە و دواتر بەهۆی پرۆسەی ساڕێژبوونەوەی رووشاوییەكانەوە، نێو بۆرییەكە تەواو دادەخرێت و ئیدی هەرگیز ناكرێتەوە. ئەوەی ئەم رێگەیەی بەكارهێنا، هەرگیز پێویستی بە رێگری لە منداڵبوون نییە، چونكە هەرگیز نایبێ و تۆوی پیاو هەرگیز ناگەنە هێلكەكانی.

16-بڕینی كەناڵی تۆو:
لەمبارەدا ئەو كەناڵە بچووكە دەبڕدرێت كە تۆو لە گونەوە دەگوازێتەوە، بەڵام تۆواو هەر دەمێنێ. ئەو پیاوەی ئەمجۆرە مەنعەی بۆ دەكرێت، ئیدی هەرگیز منداڵ درووستناكات، جگە لە حاڵەتی زۆر دەگمەن كە رەنگە تێیاندا پرۆسەكە سەركەوتوانە ئەنجامنەدرابێت. هەر راستەوخۆش كارا نابێت، چونكە لەوانەیە بەر لە بڕینەكە هەندێك تۆو تێپەڕی بن، بۆیە باشترە دوای بڕینەكە ماوەیەك كە پزیشك بۆی دیاری دەكات چاوەڕوان بێت تاكو پرۆسەكە بەتەواوی كارا دەبێت.

17-مەنعی كتوپڕی:
ئەگەر دوو كەس مەنعیان نەكردبوو، بە هەڵە تۆو گەیشتبووە نێو زێ، ئەوە دەكرێ بیر لە مەنعێكی كتوپڕی بكەنەوە. لەمبارەدا حەبێكی مەنعیان پێدەدرێت كە بڕێكی ئێجگار زۆر هۆرمۆنی تێدایە. دەبێت لەماوەی 72 كاژێری ئەنجامدانی سێكسدا ئەم حەبە بخورێت بۆ ئەوەی كارا بێت. ئێستا جۆری دیكە لە هەندێك وڵات هەن كە لەماوەی 5-6 رۆژی ئەنجامدانی سێكس كاردەكەن و رێگە لە درووستبوونی منداڵ دەگرن.

18-خانمانی تەمەندار چی بكەن؟
ئەگەر تەمەنت لە 35 ساڵ زیاترە، جگەرەكێشیت یان قەڵەویت باشترە هەندێك لە رێگا هۆرمۆنییەكان (حەب، لەزگە و بازنەی نێو زێ) بەكارنەهێنیت. ئەگەر لە تەمەنی نائومێدی نزیكبوویتەوە، بەكارهێنانی دەرزی مەنع ئەو سوودەشی هەیە كە ئازار و بێزارییەكانی ئەو ماوەیەش كەمدەكاتەوە. 

19-گێڕانەوەی تۆو:
ئەمە رێگەیەكی كۆنە و تێیدا پیاو بەر لەوەی تۆواوی دەربچێت، كۆتایی بە پرۆسەی سێكس دێنێت. 18% ی ئەوانەی ئەم رێگەیە بەكاردێنن، منداڵ درووستدەكەن، بەڵام ئەگەر هەموو جارەكان رێگەبگرێت لە دەرپەڕینی تۆواو، ئەوە ئەگەری درووستكردنی منداڵ تەنیا 4% دەبێت.

20-ئەوەی مەنع نەكات منداڵی دەبێت؟
مەرج نییە، چونكە ئەگەر مەنعیش نەكرێت ئەگەری درووستبوونی منداڵ لە ساڵێكدا و لەنێوان ژن و مێرد بریتییە لە 85% نەوەك 100% 
-----------

رووداو


پەرکەم یان Epilepsi، یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان کە توشی ڕەگەدەماری مێشک دەبێت. 
پەرکەم ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم شاڵاوە، کە خۆمان زۆر جار پێی دەڵیین فێ، كاتى بۆ دیاری نەکراوە و پەیوەست نیە بە روو داوە دەرەکیەکانەوە. 

زۆر جار ئەوانەی کە نیشانەکانى پەرکەمیان تێدایە به‌هۆی هۆكاری دەرەكی وەک خوێن پژان، بەرزبوونی پلەی گەرمی لەش بەتایبەت لەمنداڵدا، بریندار بوونی کاسەی سەر و زیاد بەکارهێنانی ئەلکهولەوە دەردەکەون، كه‌ زۆر جار دەبێته‌ هۆی دروست بوونی پەرکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی کە دروست بوونی فێیەکە بەهۆی کاریگەری دەرەکییەوەیە ناتوانرێت کەسی توشبوو بە نەخۆشی پەرکەم لەقەڵەم بدرێت هەرچەندە چەند جارێکیش حاڵەتی فێی لێبێت. 

ـ جۆرەکانی پەرکەم: 
1ـ Grand mal ئەم جۆرە کەسی توش بوو کاتێک کە هێرشی فێی لێدێت یەکەم جار بە بورانەوەیەکی لەناکاو دەستیپێ دەکات و دەکەوێت بە زه‌ویدا و دواتر ماسولکەکانی ڕەق دەبن و زیاتر لەسەر پشت دەکەون. 
ئەم جۆرە پەرکەمە کاریگەری دەکاتە سەر بیری کەسی توش بوو و ئەمەش دەبیتە هۆی ئەوەی کە کەسی توش بوو هیچی بیر نامێنێ کاتێک کە دێتەوە هۆش خۆی، ئەم جۆرە بەوە دەناسرێتەوە کە کەسی توش بوو لە هەر دوو لای شانیەوە هەڵدەبەزێتەوە وەک ئەوەی کارەبای لێبدەی. لەماوەی 1-2 خولەک کۆتای دێت و هەموو ماسولکەکانی لەشی خاودەبنەوە. 
2. Petit mal Absencer ئەم جۆرە پەرکەمە لە پڕێکدا دەست پێدەکات و دەبێتە هۆی پچڕانی ئەو چالاکیەی کە کەسی توش بوو لەو ساتەدا خەریکێتی. 
کاتێک کە ئەم شاڵاوە دێت کەسی توشبوو ڕێک ڕادەوەستێت و تەماشای بەردەمی خۆی دەکات بەبێ جوڵە و چاو ناتروکێنێ، ئه‌مجۆره‌ زیاتر توشی منداڵ و گەنجەکان دەبێت. 
3. Myoklona ئەم جۆرە زیاتر لەو کەسانەدا بەدی دەکرێت کە جۆرێک لە جۆرەکانی پەرکەمیان هەبووە لە تەمەنی هەرزەکارییەوە. ئەم جۆرە شاڵاوە بە هەڵبەزینەوەی قۆڵ و شان دەستپێدەکات 

ـ هۆکاره‌كانی توش بوون: 
هۆكاری توشبوونی نەخۆشی پەرکەم تا ئێستا لەسەدا 50 ناسراوە و لەسەدا 50 کەی تری دەگەڕیتەوە بۆ جیناتەکان واته‌ بۆ ماوه‌یی. ئەو لەسەدا 50 ی کە بە مێتودی زانستی سەلمێنراون بریتین لەمانەی خوارەوە: 
1ـ خوێن پژانی مێشک. 
2ـ برینداربوونی مێشک. 
3ـ هەبوونی پەڵە لەسەر مێشک. 
4ـ برینداری لە کاسەی سەردا. 
5ـ هه‌و كردنی مێشک. 
6ـ لە دەستدانی بیره‌وه‌ری. 

ـ چارەسەر كردنی: 
دەرمانی چارەسەر کە بەکاردەهێنرێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پەرکەم ئەم جۆرە دەرمانە لە گروپی Antiepilepti و له‌ ئێستادا دەیان دەرمانی جۆراو جۆر هەن کە دەبێت لە دوای دەستنیشان کردنی وردی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی هەڵبژێرێت بە پێی جۆرو نیشانەی شاڵاوی پەلامارەکە، چونکە هەریەکەیان بە جۆرێک کار دەکات. 
لە پاش ئەوەی کە دەردوکەوێت سەرەڕای بەکارهێنانی دەرمانیش نەخۆشەکە هەر فێی هەیەو دەرمانەکە کارایی تەواو ناکات، دەتوانرێت لە زۆر شوێنی دنیادا نەشتەرگەری لەدوای دەستنیشانکردنی تەواوی شوێنی چالاکیەکە لەمێشکدا ئەنجام بدرێت لەڕێگەی بڕینی ئەو شوێنەی کە چالاکی پەرکەمەکەی تێدا ڕوودەدات. 
ـــــــــ 
س: nrt 

MKRdezign

په‌یوه‌ندی كردن

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget