شێوازه‌كانی رێگاگرتن له‌ منداڵبوون


رێگەكانی رێگریی لە منداڵبوون زۆر و زەوەندن، بۆیە هەڵبژاردنی یەكێك لەنێوان ئەو هەموو جۆرەدا رەنگە ئاسان نەبێت. سەرەتا دەبێ بزانی تەنیا سێكس نەكردن 100% سەركەوتووە لە منداڵ درووستنەكردن و ئەوانی دیكە هەریەكەیان تا راددەیەك ناكاراییان هەیە. بۆیە وا باشە بەرلەوەی بڕیارەكەت بدەیت، چەند پرسیارێك لە خۆت بكەی كە ئایا هەریەك لەو رێگایانە:
*تا چەند كاران لە رێگریی لە منداڵبوون
*تێچووی ماددی رێگاكە
*تا چەند لەگەڵ رێگری لە منداڵبووندا رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەكان لە سێكسەوە دەگرێ

1-رێگەی سرووشتی:
ئەم رێگەیە پشت بە هیچ دەرمان و دەزگایەك نابەستێ. بەڵكو تەنیا هەندێك هۆشیاری دەوێ. ماوەیەك لە هەموو مانگێكدا هەیە كە پێی دەگوترێ پەنجەرەی بەپیتی، لەو ماوەیەدا زۆرترین ئەگەری منداڵ درووستبوون هەیە. ئەگەر خانمەكە وریابێت، هەستدەكات لەو چەند رۆژەدا پلەی گەرمیی لەشی هەندێك بەرزترە و گۆڕانكاریش لە تەڕایی دامێنیدا روودەدات. باشترە لەلایەن كەسێكی شارەزای پزیشكییەوە فێری ئەم رێگایە ببیت.

2-تۆوكوژ:
بەشێوەی جیڵ و كرێم و توێژاڵی تەنك هەن. ماوەیەكی كورت بەر لە سێكسكردن لە ناوەوەی زێ دەدرێن. ئەو ماددەیە ژەهرینە بۆ تۆوەكان و هەر لە جێدا دەیانكوژێ و ناهێڵێ بگەنە هێلكە و بیپیتێنن. ئەگەر زۆر بەكاربهێنرێن رەنگە ببنەهۆی رووشان و برینداربوونی زێ و هەوكردنی و تەنانەت گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەش كە لە رێگەی سێكسەوە بڵاودەبنەوە.

3-كۆندۆمی پیاوان:
كۆندۆم رێگە لە رۆیشتنی تۆو بۆ نێو جەستەی ئافرەت دەگرێ، هەمانكات رێگرە لە گوستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە بڵاودەبنەوە. بەڵام ئەگەر كۆندۆم تاكە رێگەی بەكارهاتوو بێت، ئەوە چانسی منداڵنەبوون 85% ە و دەوروبەری 15%ی ئەوانەی كۆندۆم بەكاردێنن منداڵیان دەبێت.

4-كۆندۆمی ژنان:
8 كاژێر بەر لە سێكس لەنێو زێ دادەنرێت. ئەمەیان كاریگەریی لە كۆندۆمی پیاوان كەمترە و كەمتریش كارایە لە رێگری لە گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە بڵاو دەبنەوە.

5-پەردە:
ئەمەیان لەلایەن پزیشكەوە دەخرێتە سەر ملی منداڵدان و بەوەش رێگەدەگرێت لە رۆیشتنی تۆو لە زێ بەرەو منداڵدان. ئەم رێگەیەش هێندەی كۆندۆمی پیاوان كاریگەرە. ئەگەر خانمەكە سووڕی مانگانەی نەبێت، ئەوە دەكرێ تاكو 2 ساڵ لە شوێنی خۆیدا بهێڵرێتەوە.

6-كەپی ملی منداڵدان:
وەك پەردە وەهایە، بەڵام:
*كەمتر كارایە و لەوانەی پێشووتر منداڵیان بووە رێژەی شكستی دەگاتە 30%
*پێویستی بەوەیە تۆۆكوژی لەگەڵ بەكاربهێنرێ
*تەنیا 48 كاژێر دەبێ بمێنێتەوە

7-ئیسفەنجی مەنع:
ئەمەیان پێویست ناكات پزیشك دایبنێ، ماددەیەكی مۆمییە و تۆوكوژی تێكەڵە. لە كۆتایی زێ دادەنرێ و رێگری دەكات لە تێپەڕبوونی تۆو. لەو ژنانەی پێشووتر منداڵیان بووە، رێژەی شكستی ئەم رێگایە 32% یە.

8-حەبی مەنع:
بڵاوترین جۆریان ئەوەیە كە تێكەڵەیەكە لە هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆنی مێینە. ئەم حەبە رێگە دەگرێ لە دابەزینی هێلكە. لە نەبوونی هێلكەشدا تۆو هەبێت یان نا، مندداڵ درووستنابێت. تەنیا 8%ی ئەوانەی بەكاری دەهێنن منداڵیان دەبێت، كە هەندێكیان ئەوانەن كە هەندێكجار لەبیریان كردووە حەبەكە له‌كاتی خۆیدا بەكاربهێنن.
لەگەڵ بەكارهێنانی حەبی مەنعدا سووڕی مانگانەش رێكدەبێتەوە، یان هەر نامێنێ تاكو حەبەكە دەوەستێنرێ. بەڵام لە هەندێك لە خانماندا كاری نەخوازراویش دەكات، وەك ئازاری مەمك، بەرزكردنەوەی فشاری خوێن، زۆربوونی ئەگەری كڵۆبوونی خوێن و درووستبوونی پەڵەی پێست.

9-لەزگەی مەنع:
ئەو خانمانەی گرفتیان هەیە لە بیركەوتنەوەی ژەمیی رۆژانەی حەبی مەنع، دەتوانن لەزگەی مەنع بەكاربهێنن. ئەم لەزگەیە لە پێست دەدرێ و هەمان ئەو هۆرمۆنانەی لێوە وەردەگیرێ كە حەبی مەنع تێیدایە. ئەم لەزگەیە هەفتەی جارێك دەگۆڕدرێت و لە مانگێكدا سێ هەفتە (سێ جار) لە پێست دەدرێت و هەفتەی چوارەم بەبێ ئەو لەزگەیە بەڕێدەكرێ. كاریگەرییە نەخوازراوەكانی، هەمان ئەوانەی حەبی مەنعن، ئەڵبەت ئەم لەزگەیە و حەبەكەش رێگە ناگرن لە گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە بڵاودەبنەوە.

10-بازنەی نێو زێ:
ئەمەیان بازنەیەكی پلاستیكییە و لەنێو زێ دادەنرێت. هەمان ئەو هۆرمۆنانە دەردەكات كە حەب و لەزگەی مەنع دەریدەدەن. ئەمەیان مانگانە تەنیا یەكجار دەگۆڕدرێت. هەمان كارایی و كاریگەریی حەب و لەزگەی مەنعی هەیە.

11-دەرزی مەنع:
ئەمەشیان پێكهاتەیەكی هۆرمۆنیی ژنانەی هەیە. یەك دەرزی بۆماوەی 3 مانگ كاریگەریی دەمێنێت. واتە ساڵانە تەنیا پێویست بە چوار دەرزی دەكات. هەروەك لە حەب و لەزگە و بازنەی نێو زێ كاریگەرترە، بەوەی تەنیا 3%ی ئەو خانمانەی ئەم دەرزییە لەخۆدەدەن منداڵیان دەبێت.

12-چێنراوی مەنع:
بە چاندنی ماددەیەك بە قەبارەی دەنكەشقارتەیەك لە ژێر پێستی باڵ دەبێت. ئەمەش هەمان ماددە دەردەكات كە لە دەرزی مەنعدا هەیە، بەڵام ئەمەیان بۆماوەی 3 ساڵ رێگری لە منداڵبوون دەكات و ئێجگار كارایە، بەوەی تەنیا 1%ی ئەوانەی بەكاری دێنن منداڵیان دەبێت.

13- بەستن:
خانمانی كوردزمان وای پێدەڵێن، بەڵام لە راستیدا لەم پرۆسەیەدا هیچ شوێنێك نابەسترێت. ئەوەی هەیە پارچە كانزایەك (بە زۆری مس) لەشێوەی پیتی T ی ئینگلزیی لەلایەن پزیشكەوە دەخرێتە نێو منداڵدان و ئەو ماددەیە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم پیتاندنی هێلكە لەلایەن تۆو. كە دانرا دەتوانێت بۆ 10 ساڵ لە شوێنی خۆیدا بهێڵرێتەوە و رێگریی له‌ منداڵبوون دەكات. كاراییەكی ئێجگار زۆری هەیە بەوەی كەمتر لە 0.8%ی ئەو خانمانەی بەكاری دەهێنن دووگیان دەبن. بەڵام هەندێك خانم ئەم رێگەیەیان پێناكەوێ و توشی سووڕی مانگانەی ناڕێك و خوێن لێرۆیشتنی زۆر و هەندێك كاری نەخوازراوی دیكە دەبن.

14-بەستنی لوولەی منداڵدان:
لەم رێگەیەدا ئەو لوولەیە دەبەسترێت كە هێلكە دوای دابەزین لە هێلكەدانەوە پێیدا دەگاتە مندداڵدان. ئەمەیان وەك رێگرییەكی هەمیشەیی لە منداڵبوون تەماشادەكرێ و بۆ ئەو كەسانە گونجاوە كە چیتر نایانەوێ بە رێگەی ئاسایی منداڵیان ببێ.

15-قەپاتكردنی لوولەی منداڵدان:
لەمبارەدا ماددەیەك دەخرێتە نێو لوولەی منداڵدان، ماددەكە دەبێتەهۆی رووشاندنی نێو لوولەكە و دواتر بەهۆی پرۆسەی ساڕێژبوونەوەی رووشاوییەكانەوە، نێو بۆرییەكە تەواو دادەخرێت و ئیدی هەرگیز ناكرێتەوە. ئەوەی ئەم رێگەیەی بەكارهێنا، هەرگیز پێویستی بە رێگری لە منداڵبوون نییە، چونكە هەرگیز نایبێ و تۆوی پیاو هەرگیز ناگەنە هێلكەكانی.

16-بڕینی كەناڵی تۆو:
لەمبارەدا ئەو كەناڵە بچووكە دەبڕدرێت كە تۆو لە گونەوە دەگوازێتەوە، بەڵام تۆواو هەر دەمێنێ. ئەو پیاوەی ئەمجۆرە مەنعەی بۆ دەكرێت، ئیدی هەرگیز منداڵ درووستناكات، جگە لە حاڵەتی زۆر دەگمەن كە رەنگە تێیاندا پرۆسەكە سەركەوتوانە ئەنجامنەدرابێت. هەر راستەوخۆش كارا نابێت، چونكە لەوانەیە بەر لە بڕینەكە هەندێك تۆو تێپەڕی بن، بۆیە باشترە دوای بڕینەكە ماوەیەك كە پزیشك بۆی دیاری دەكات چاوەڕوان بێت تاكو پرۆسەكە بەتەواوی كارا دەبێت.

17-مەنعی كتوپڕی:
ئەگەر دوو كەس مەنعیان نەكردبوو، بە هەڵە تۆو گەیشتبووە نێو زێ، ئەوە دەكرێ بیر لە مەنعێكی كتوپڕی بكەنەوە. لەمبارەدا حەبێكی مەنعیان پێدەدرێت كە بڕێكی ئێجگار زۆر هۆرمۆنی تێدایە. دەبێت لەماوەی 72 كاژێری ئەنجامدانی سێكسدا ئەم حەبە بخورێت بۆ ئەوەی كارا بێت. ئێستا جۆری دیكە لە هەندێك وڵات هەن كە لەماوەی 5-6 رۆژی ئەنجامدانی سێكس كاردەكەن و رێگە لە درووستبوونی منداڵ دەگرن.

18-خانمانی تەمەندار چی بكەن؟
ئەگەر تەمەنت لە 35 ساڵ زیاترە، جگەرەكێشیت یان قەڵەویت باشترە هەندێك لە رێگا هۆرمۆنییەكان (حەب، لەزگە و بازنەی نێو زێ) بەكارنەهێنیت. ئەگەر لە تەمەنی نائومێدی نزیكبوویتەوە، بەكارهێنانی دەرزی مەنع ئەو سوودەشی هەیە كە ئازار و بێزارییەكانی ئەو ماوەیەش كەمدەكاتەوە. 

19-گێڕانەوەی تۆو:
ئەمە رێگەیەكی كۆنە و تێیدا پیاو بەر لەوەی تۆواوی دەربچێت، كۆتایی بە پرۆسەی سێكس دێنێت. 18% ی ئەوانەی ئەم رێگەیە بەكاردێنن، منداڵ درووستدەكەن، بەڵام ئەگەر هەموو جارەكان رێگەبگرێت لە دەرپەڕینی تۆواو، ئەوە ئەگەری درووستكردنی منداڵ تەنیا 4% دەبێت.

20-ئەوەی مەنع نەكات منداڵی دەبێت؟
مەرج نییە، چونكە ئەگەر مەنعیش نەكرێت ئەگەری درووستبوونی منداڵ لە ساڵێكدا و لەنێوان ژن و مێرد بریتییە لە 85% نەوەك 100% 
-----------

رووداو

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

په‌یوه‌ندی كردن

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget