هەشت رێنمایی بۆ پاراستنی گورچیلە

گورچیلەكان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیایین، ئەركی سەرەكییان پاڵفتەكردنی خوێنە لە پاشەڕۆ بێسوودەكان و دەركردنیان لەڕێگای میزەوە. هەروەك رۆڵی گرنگیان هەیە لە رێكخستنی فشاری خوێن و باڵانسی ئەلیكترۆلیت و دەردانی چەندین هۆرمۆنی پێویست.

بە چەند كردەوەیەكی تەندروستانە، یاریدەی پاراستنیان و هێشتنەوەیان بە تەندروستیی دەدەین:

1-وەرزش و چالاكیی جەستەیی گرنگن بۆ رێگاگرتن لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و توشبوون بە شەكرە كە بڵاوترین هۆكارەكانی سستبوونی گورچیلەن.

2-جێگیر هێشتنەوەی شەكرەی خوێن: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بۆ ئاستی تووشبوون بە شەكرە، زیانێكی بەرچاو بەو بۆریچكانە دەگەیەنێت كە ئەركیان گلدانەوەی ماددە سودبەخشەكان و دەركردنی ماددە زیانبەخشەكانە لەنێو خوێنماندا.

3-جێگیر هێشتنەوەی فشاری خوێن: بەرزیی فشاری خوێن دووەمین هۆماری پەككەوتنی گورچیلەیە، چونكە رووبەڕووبوونەوەی بۆرییەكانی خوێن لە گورچیلەدا بۆ بەرزیی فشاری خوێن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، ئەو بۆرییانە پەكدەخات. بۆیە دەبێت فشاری خوێن لە ئاستی ئاساییدا بهێڵرێتەوە ئەگەر بە بەكارهێنانی دەرمانیش بێت.

4-خواردنی باڵانسی كەم وزە و پڕ رەگەزی خۆراكیی، لەوانە سەوزە و پاقلەمەنییەكان، رێگا لە قەڵەوی دەگرێت، بە دووربوون لە قەڵەویش ئەگەری تووشبوونمان بە چەندین نەخۆشیی پەكخەری گورچیلەكان كەمدەكات.

5-شلەمەنی پێویست بخۆرەوە: بۆ ئەوەی گورچیلەكان وەك پێویست توانای پاڵفتەكردنی خوێنیان هەبێت لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەكان، پێویست دەكات هەركەسێك رۆژانە 1.5-2 لیتر ئاو لە خواردن و خواردنەوەكانیدا هەبن. بێگومان لەكاتی وەرزشكردندا پێوستت بەوەیە لەو بڕەش زیاتر بخۆیتەوە.

6-دووربە لە جگەرەكێشان: جگەرە زۆرترین زیان بە بۆرییەكانی خوێن و سەرەنجام كاری گورچیلەكان دەگەیێنێ، بەوەش كردەوەی پاڵفتەكردنی خوێن و فڕێدانی ژەهرەكان لە خوێندا سستدەكات.

7-زیادەڕەوی نەكردن لە بەكارهێنانی ئازارشكێنەكان: بەكارهێنانی دەرمانە ئازارشكێنەكان بۆماوەیەكی دورودرێژ زیان لە گورچیلەكان دەدات، ئەگەر پێشووتر لاوازبووبێتن، ئەگەری تەواو پەكخستنیان زیاد دەكات. بۆیە دەبێت تەنیا بە رێنمایی پزیشك و بەو بڕو ماوەیەی ئەو بۆت دیاریدەكات دەرمانی ئازارشكێن بەكاربهێنی.

8-پشكنینی گورچیلەكان بكە: ئەگەر تەمەنت گەیشتە سەرو 60 ساڵ و بەرزی فشاری خوێن یان شەكرەت هەبوو، یاخود ئەگەر كەسێكی نزیكت تووشی پەككەوتنی گورچیلە بووە، ساڵانە بە رێنمایی پزیشك پشكنین بۆ گورچیلەكانت بكە.

ن: سەروەر سالار 

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

په‌یوه‌ندی كردن

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget