سایکۆلۆژیای له‌خۆباییبوون


که‌س نیه‌ له‌ ئێمه‌ به‌ڕێکه‌وتیش بێت دووچاری که‌سێکی له‌خۆبایی نه‌بووبێت له‌ژیانیدا، ئافره‌تێک که‌ هێنده‌ به‌ جوانیه‌که‌یه‌وه‌ ده‌نازێت که‌ منه‌ت به‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویەدا ده‌کات کاتێک به‌سه‌ریدا هه‌نگاو ده‌نێت، یاخود سه‌رمایه‌دارێک (به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر تازه‌ پیاکه‌وتوو بێت) که‌وا ده‌زانێت پاره‌ هه‌ڵچنراوه‌کانی ئه‌و په‌یژه‌ به‌رزانه‌یه‌ که‌ ئه‌می گه‌یاندۆته‌ به‌رزیه‌کی ئه‌وتۆ که‌ هه‌موو خه‌ڵکی له‌خوار خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، نووسه‌رێک، ئه‌ستێره‌یه‌کی بواری هونه‌ر، به‌ده‌ستهێنه‌ری بڕوانامه‌یه‌کی به‌رز، هه‌ڵسوڕاوێکی دیاری کۆمه‌ڵگه‌، ڕاگه‌یاندکارێکی ده‌رکه‌وتوو و هه‌ڵکه‌وتوو، خاوه‌ن پۆستێکی ئیداری یان حزبی باڵا و ... تد. ئه‌مجۆرانه‌ دوای ئه‌وه‌ی ناو و ناوبانگی خۆیان ده‌بیستنه‌وه‌ یاخود هه‌ستده‌که‌ن خه‌ڵکانێک سه‌رسامیانن، ئیدی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌خۆیان باییده‌بن هه‌ڵسوکه‌وت و تێڕوانینیان بۆ ژیان و خۆیان و خه‌ڵکی به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌گۆڕێت که‌ خۆیان زۆر به‌به‌رزتر و ژیرتر و جوانتر و چاکتر ده‌بینن و هه‌میشه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ به‌رزاییه‌که‌ی زۆر به‌رزه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی بڕوانن خه‌ڵکی به‌ بچوکتر له‌خۆیان ده‌بینن، بیروڕاکانی ئه‌وانی دیکه‌یان لا بێبایه‌خه‌ و پێیان وایه‌ هه‌موو شتێکی خۆیان له‌سه‌روو هه‌موو شتێکی ئه‌وانی دیکه‌وه‌یه‌. 

که‌سه‌ له‌خۆباییه‌کان که‌سانی خۆشه‌ویست نین له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا و هه‌میشه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و تیر و توانجی ئه‌و که‌سانه‌ی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، یاخود ناچارن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. 

ڕێکه‌وتووه‌ حوکمی له‌خۆباییبوون دراوه‌ به‌سه‌ر که‌سێکدا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی لێی نزیک ده‌بینه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌و که‌سه‌ له‌خۆبایی نیه‌ و ئێمه‌ له‌ حوکمه‌که‌ماندا هه‌ڵه‌بووین. 

به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوونمان به‌م‌ چه‌مکه‌ و مه‌ودا ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌سێتییه‌کانی که‌سی له‌خۆبایی، گرنگه‌ له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌ک هه‌ڵوه‌سته‌ بکه‌ین.

خه‌سڵه‌ته‌کانی که‌سی له‌ خۆبایی: 

بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکی دروستمان ده‌رباره‌ی که‌سێتی که‌سی له‌خۆبایی هه‌بێت، گرنگه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانی که‌سی له‌خۆبایی بگه‌ین و ئاشنابین پێیان:
1- که‌سی له‌خۆبایی هه‌ست به‌ مه‌زنی خۆی ده‌کات و پێی وایه‌ ئه‌م گه‌ردوونه‌ له‌به‌رخاتری ئه‌و دروستبووه‌.
2- که‌سی له‌خۆبایی پێی وایه‌ هیچ که‌موکوڕیه‌کی نیه‌ و له‌ باری که‌ماڵدایه‌.
3- که‌سی له‌خۆبایی هیچ قسه‌یه‌ک په‌سه‌ند ناکات که‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌کرێت و پێی وایه‌ هه‌موو ڕاستیه‌کان لای خۆیه‌تی به‌ته‌نها.
4- که‌سی له‌خۆبایی خۆپه‌رسته‌ و به‌رده‌وام چاوی له‌ که‌ڵک وه‌رگرتنه‌ له‌ که‌سانی تر و خۆی هیچ نابه‌خشێت، ته‌نها به‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک له‌وانی تر نزیک ده‌بێته‌وه‌.
5- هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌وانی دیکه‌ که‌ یارمه‌تی بده‌ن و له‌گه‌ڵیدا بوه‌ستن له‌کاتی پێویستدا.
6- که‌سی له‌خۆبایی به‌رده‌وام ئه‌و مافه‌ به‌خۆی ده‌دات که‌ هه‌ڵبچێت و هه‌ڵبشاخێت به‌ڕووی ئه‌وانی تردا و هه‌ستیان بریندار بکات و گوێ به‌هه‌ست و شکۆی ئه‌وانی تر نه‌دات.
7- که‌سی له‌خۆبایی زوو شتی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ و زوو هه‌ڵده‌چێت و توانای کۆنترۆڵ کردنی خودی خۆی نیه‌.
8- که‌سی له‌خۆبایی ته‌نها له‌کاتێکدا گوێ بۆ که‌سانی تر ده‌گرێت ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌که‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا، ده‌نا هیچ گوێ به‌ بیروبۆچوونی ئه‌وانی تر نادات و به‌بێ نرخ سه‌یری که‌سانی تر و ده‌ستکه‌وت و بیروبۆچوونه‌کانیان ده‌کات.

له‌نێوان بڕوابه‌خۆبوون و له‌خۆباییبووندا:
وته‌یه‌ک هه‌یه‌ ده‌ڵێت: (له‌نێوان بڕوابه‌خۆبوون و له‌خۆباییبووندا تاڵه‌ موویه‌ک هه‌یه‌).
ئه‌گه‌ر بڕوابه‌خۆبوون تێڕوانێکی پۆزه‌تیڤانه‌ بێت به‌رامبه‌ر خود و تواناکانی خۆمان و مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست بێت بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی هه‌ڵیانده‌هێنین له‌ ئه‌نجامدانی کار و به‌دیهێنانی ئامانج و خه‌ونه‌کانماندا، به‌ڵام له‌خۆباییبوون خۆبه‌زلزانین و خۆ به‌ مه‌زن زانین و وه‌همی گه‌یشتن به‌ که‌ماڵه‌، به‌جۆرێکی تر ده‌توانین بڵێین له‌ باوه‌ڕ به‌خۆبوو شانازی به‌و توانا و خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ی ژیانییه‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌یه‌تی و له‌ئه‌نجامی (سه‌رکه‌وتنی یه‌ک له‌دوای یه‌ک و توانای بڕینی ئاسته‌نگ و سه‌ختیه‌کانی ژیانی و دانایی له‌ مامه‌ڵه‌کردندا) ئه‌و تێڕوانینه‌ پۆزه‌تڤانه‌ بۆ خود دروست ده‌بێت، واته‌ ڕێز دانانێکی واقعیانه‌یه‌ بۆ توانسته‌کانی خود، به‌ڵام که‌سی له‌خۆبایی ڕێزگرتنه‌که‌ی ناواقعیانه‌یه‌ یاخود ڕێز له‌ تواناکانی خۆی ناگرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌تی. له‌خۆباییبوون سه‌رسامبوونێکی به‌هێزه‌ به‌ خود و توانا یان به‌هره‌ یان لێهاتووییه‌کی دیاریکراوی که‌سه‌ له‌خۆباییه‌که‌. 

هه‌ربۆیه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر زێده‌ڕۆیی بکه‌ن له‌ ڕێزگرتن له‌ تواناکانی خۆیان و پێیان وابێت ده‌توانن هه‌موو شتێک بکه‌ن و هه‌رچیان بوێت سه‌رکه‌وتوو ده‌بن تیایدا ئه‌وا ئه‌گه‌ر زۆره‌ له‌حاڵه‌تی له‌خۆباییبوون نزیک ببنه‌وه‌ و بکه‌ونه‌ خانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ نائاساییه‌وه‌. 

ئه‌گه‌ر هه‌موو که‌سێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت شانازی به‌ ده‌ستکه‌وت و خاڵه‌ به‌هێز و تواناکانی خۆیه‌وه‌ بکات و له‌ خودی خۆی ڕه‌زامه‌ند بێت، به‌ڵام کاتێک زێده‌ڕۆیی له‌م شانازی کردن و ڕه‌زامه‌ندیه‌ به‌رامبه‌ر خود کرا ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌سه‌که‌ به‌رده‌وام فوو به‌ خودی خۆیدا بکات، ئه‌و کاته‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ تێڕوانینی خۆیدا خۆی به‌ باڵاتر و به‌رزتر ببینێت، به‌ڵام له‌ تێڕوانینی خه‌ڵکدا بچوک و گرنگنه چونکه‌ ئه‌و قه‌واره‌ وه‌همیه‌ی که‌سه‌ له‌خۆباییه‌که‌ بۆ خۆی داناوه‌ ته‌نها له‌ دیدی خۆیه‌وه‌ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بوونی هه‌یه‌ و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی قه‌واره‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی ده‌زانن چۆنه‌ و چه‌نده‌‌.

که‌سی له‌خۆبایی و ده‌وروبه‌ر:
هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان پێدا که‌سی له‌خۆبایی په‌سه‌ند و خۆشه‌ویست نیه‌ له‌ناو خه‌ڵکیدا، خه‌ڵکی به‌گشتی حه‌ز به‌ تێکه‌ڵی و مامه‌ڵه‌کردنی که‌سانی له‌خۆبایی ناکه‌ن مه‌گه‌ر ناچاربن. 

که‌سه‌ له‌خۆباییه‌کان هه‌میشه‌ که‌ڵک له‌ که‌سانی ده‌روون لاواز و که‌سێتی لاواز ده‌بینن، چونکه‌ ئه‌م که‌سه‌ لاواز و هیچ له‌بارنه‌بووانه‌ ‌به‌رده‌وام به‌ شان و باڵای ئه‌واندا هه‌ڵده‌ده‌ن و هێنده‌ی تر هه‌ست به‌ مه‌زنایه‌تی لای که‌سه‌ له‌خۆباییبووه‌کان تۆختر ده‌که‌نه‌وه‌ و پاڵنه‌ره‌کانیان به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا تێر ده‌که‌ن. که‌سه‌ له‌خۆباییبووه‌کان به‌رده‌وام حه‌ز به‌ مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ ده‌که‌ن، چونکه‌ خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و لاواز و بوده‌ڵانه‌دا باده‌ده‌ن و ئه‌وانیش به‌چاوی که‌سانی مه‌زن و که‌م وێنه‌ و هه‌ڵکه‌وتوو لێیان ده‌ڕوانن.، هه‌ربۆیه‌ که‌سی له‌خۆبایی خۆی به‌دوور ده‌گرێت له‌و په‌یوه‌ندی و هه‌ڵوێسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یان ده‌کاته‌وه‌ یاخود وه‌ک که‌سێکی نه‌خۆش لێی ده‌ڕوانێت نه‌ک که‌سێکی مه‌زن. 

که‌سه‌ له‌خۆباییه‌کان جیهانێکی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ دووچاری به‌رکه‌وتن ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ جیهانه‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، به‌مهۆیه‌وه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی دروستکردنی ئه‌و که‌شانه‌ ده‌دات که‌ به‌جیهانه‌که‌ی خۆی نزیکه‌ و هه‌وڵی دروستکردنی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌دا ده‌دات که‌ ڕۆڵ ده‌گێڕن له‌و جیهانه‌ تایبه‌ته‌ی ئه‌ودا.
که‌سی له‌خۆبایی ناتوانێت له‌گه‌ڵ که‌سانی له‌خۆبایی هاوشێوه‌ی خۆیدا هه‌ڵبکات و بگونجێت، چونکه‌ هه‌ریه‌که‌ له‌م له‌خۆباییانه‌ پێی وایه‌ خۆی له‌سه‌روو هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌وه‌یه‌. 

خاکیبوون پێچه‌وانه‌ی له‌خۆباییبوونه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ که‌سه‌ خاکیه‌کان ڕۆح سووکتر و خۆشه‌ویستترن له‌لای ده‌وروبه‌ر و ئاماده‌ی قوربانی به‌خشین و ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌که‌ن و زیاتر ده‌توانن واقعیبن. 

دوا وته‌:
(ئه‌ی مرۆڤه‌ له‌خۆباییه‌کان، ئێوه‌ چه‌نده‌ ئه‌وانی تر به‌بچوک ده‌بینن دڵنیابن ئه‌وانی تر ئێوه‌ به‌بچوکتر ده‌بینن، له‌خۆباییبوون وه‌ره‌می عه‌قڵ و ده‌روون و ڕه‌فتاره‌، هه‌ڵاوسانی تێڕوانینه‌ بۆ خود، ئێوه‌ ناتوانن به‌خته‌وه‌ر بن چونکه‌ ناتوانن وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی ژیان بکه‌ن، مرۆڤی ژیر و ده‌رووندروست نه‌ پله‌ و پایه‌ و پۆست، نه‌ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامان، نه‌ ده‌ستکه‌وت و نه‌ توانا و نه‌ به‌رهه‌مه‌کانی، دووچاری له‌خۆباییبوونی ناکات، ئه‌وه‌ که‌سه‌ نه‌خۆشه‌کانن دووچاری ئه‌م ئافاته‌ ده‌بنه‌وه‌، دواجاریش نه‌ک له‌به‌رده‌می وه‌یشوومه‌یه‌کدا به‌ڵکو له‌به‌رده‌می ئه‌و میکرۆبه‌ی که‌ به‌چاو مرۆڤ نابینرێت چۆک داده‌ن و پووچێتی خۆیان بۆ ده‌رده‌که‌وێت) 

ده‌روونناس سامان سیوه‌یلی 

إرسال تعليق

[blogger]

MKRdezign

په‌یوه‌ندی كردن

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget